ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ـی ٤ـی ٢٠٢٦ لە مەراسیمێکی شایستەدا لە هۆڵی مستەفا پاشا یاموڵكی لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی، چلەی ماتەمینی مامۆستا و کەسایەتیی دیاری پەروەردەیی خوالێیخۆشبێت شێخ حسێن شێخ مستەفا بەڕێوەبەری گشتی پێشووتری پەروەردەی سلێمانی بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان و بەرپرسانی حکومی و حزبی و هاوڕێ و خانەوادەی کۆچکردوو ئامادەی بوون.
سەرەتا بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان و کۆچکردوو دەستی پێکرد، لە میانی مەراسیمەکەدا تیشک خرایە سەر مێژووی پڕ لە داهێنانی کۆچکردوو لە بواری پەروەردەدا و لە ماوەی وەرگرتنی بەرپرسیارێتی وەک بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی یەکێک بوو لەو کارەکتەرە سەرەکییانەی کە توانایەکی باڵای لە ڕێکخستنەوەی کاروباری کارگێڕی و دارایی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا هەبوو، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیان بکات، ڕۆڵی دیاری هەبوو لە نۆژەنکردنەوە و بونیادنانی ناوەندەکانی خوێندن وەک مامۆستایەک تەمەنی خۆی بۆ فێرکردن و پەروەردەکردنی چەندین نەوە تەرخان کرد، کە ئێستا زۆرێک لەوانە لە دامودەزگاکانی هەرێمدا خاوەن پێگە و بەرپرسیارێتی گرنگن، لە ناوەندە پەروەردەییەکاندا بەوە ناسرابوو کە کەسایەتییەکی پیشەیی و خاوەن ئەخلاقی بەرزی کارکردن بووە، هەمیشە دەرگای بۆ مامۆستایان کراوە بووە و بەدواداچوونی وردی بۆ کێشە و گرفتەکانیان.
لە مەراسیمەکەدا مامۆستا نەژاد عبدالله وەک نیشانەی ڕێز و وەفا تاجەگوڵینەی ئەمەکی پێشکەشی ڕۆحی پاکی کۆچکردوو کرد و تیشکی خستە سەر ڕۆڵی بەرچاوی ئەو مامۆستایە لە پێشخستنی کەرتی پەروەردەدا، ڕایگەیاند ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ڕێزگرتن لە مێژووی پیاوێک کە تەمەنی خۆی لە پێناو پیرۆزترین پەیامدا بەسەر برد، مامۆستا شێخ حسێن تەنها بەڕێوەبەرێکی گشتی نەبوو، بەڵکو پێشەنگ و خەمخۆرێکی ڕاستەقینەی پرۆسەی پەروەردە بوو لە سلێمانی، بەڵام کارەکان و نەوەکانی ژێر دەستی ئەو بۆ هەمیشە وەک یادگارییەکی زیندوو دەمێننەوە، وەک هەنگاوێکی وەفادارانەدا بۆ یاد و ناوی ئەو مامۆستا تێکۆشەرە، لە میانی مەراسیمەکەدا ئاماژە بە فەرمانی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی کرد بۆ کردنەوەی قوتابخانەیەک بەناوی شێخ حسێن شێخ مستەفا بنەڕەتی لەسنوری پەروەردەی ڕۆژئاوا لەسلێمانی و فەرمانەكەی پێشكەش بە خانەوادەكەی كرد ، لەکۆتایی ووتەکەیدا مامۆستا نەژاد ڕایگەیاند، بەناوی خۆم و سەرجەم فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانییەوە، هاوخەمی قووڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری مامۆستا شێخ حسێن دەکەین، لە خودای گەورە داواکارین ئەمە دوا ناخۆشی بنەماڵەکەیان بێت و گیانی کۆچکردووش بە بەهەشتی بەرین شاد بکات، یادی هەمیشە بە خێر و ڕێگەی پڕ بێت لە سەروەری.
لە تەوەرێکی تری مەراسیمەکەدا بنەماڵەی خوالێخۆشبێت شێخ حسێن شێخ مستەفا بڕیارێکی گرنگیان ڕاگەیاند، ئەویش بریتییە لە دابینکردنی خەڵاتێکی ڕێزلێنانی ساڵانە کە بدرێت بەو کەسایەتییە پەروەردەییانەی خزمەتی بەرچاویان پێشکەش کردووە، ئەمەش وەک نەریتێکی وەفاداری بۆ بەردەوامبوونی پەیامە پیرۆزەکەی کۆچکردوو، هەر لە مەراسیمەکەدا یەکەمین خەڵاتی ئەم دەستپێشخەرییە وەک ڕێزلێنانێک لە مێژووی کار و خزمەتی، بەخشرا بە مامۆستا و کەسایەتیی پەروەردەیی بەڕێز مامۆستا خەسرەو مستەفا، ئەم هەنگاوەی بنەماڵەی مامۆستا شێخ حسێن، لەلایەن ئامادەبووان و ناوەندی پەروەردەییەوە بەرز نرخێنرا، وەک هەوڵێک بۆ هاندانی دڵسۆزی و ڕێزگرتن لە ماندووبوونی مامۆستایان لە شاری سلێمانیدا.

















