لە ڕۆژی ژینگەی کوردستاندا چالاکییەکی چاندنی نەمام بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ ڕۆژی ژینگەی کوردستانە و بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی ئەم ڕۆژە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی، چالاکییەکی چاندنی نەمام بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٦ـی ٤ـی ٢٠٢٦ مامۆستا نەژاد عبداللە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە یاوەری مامۆستا جمال پێنجوێنی بەڕێوەبەری بەشی خزمەتگوزاری پێشوازی لە بەرێوەبەر و مامۆستایەکی ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆ کە ئەندامی یانەی ژینگەیە و سێ خوێندکاری خوێنداکارانی یانەی ژینگەی ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆ كرد.

لە چالاکییەکەدا کە لەلایەن خوێندکارانی یانەی ژینگەی ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆوە ڕێکخرابوو، کۆمەڵێک نەمام و دیارییەکی هێمایی كوپێك پێشکەش بە بەڕێوەبەری گشتی کرا، ئەم دەستپێشخەرییە وەک پەیامێک بوو بۆ پاراستنی ڕەگەزە سەرەکییەکانی ژینگە و دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی ماددە کیمیاییە زیانبەخشەکان لە کەرتی کشتوکاڵدا کە کاریگەری نەرێنی ڕاستەوخۆیان لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ئیکۆسیستەمی کوردستان هەیە،

بە ئامادەبوونی مامۆستا نەژاد و بە هاوکاری بەڕێوەبەر و مامۆستایانی ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆ و خوێندکارانی یانەی ژینگەیی، نەمامەکان لە باخچەی دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان چێنران.

بەڕێوەبەری گشتی دەستخۆشی لەم هەوڵە نیشتمانییەی خوێندکاران کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی ژینگە ئەرکێکی هەرەوەزییە و دەبێت لە ناوەندەکانی خوێندنەوە کولتووری ژینگەدۆستی ببێتە بنەمای پەروەردەی نەوەکانمان، چونکە ژینگەی تەندروست، گەرەنتی ژیانێکی تەندروستە بۆ هەمووان.

ڕۆژی ژینگەی کوردستان کە ۱٦ی نیسانی هەموو ساڵێکە هاوکاتی یادی کیمیابارانی سەر دۆڵی بالیسان و خۆشناوەتی و بادینانە . ئەم ڕۆژە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لە ساڵی ۲۰۰٨، وەک ڕۆژی ژینگەی کوردستان دانرا وەک بیرهێنانەوەیەک بۆ ئەو کارەساتە ژینگەیانەی بەهۆی کیمیایی و وێرانکاری و شەڕەکانەوە بەسەر ژینگەدا هاتووە. و تا ئێستاش شەڕ و ململانێ ناوچەی و نێودەوڵەتیەکان جگە لە ناوبردنی مرۆڤ، ژینگە و ژیانی تەندروستکردن لە ناوچەیەکدا بۆ ماوەی چەندین دەیە لەناو ئەبات. ژینگەی کوردستان و ئەو دۆخەشی ئێستا تیایەتی شایەنی بێدەنگی و نکۆڵێکردن لە پیسبونی نیە ، بۆیە پێویستە تاک بەتاکی ئەم مللەتە بەشێک لە بەرپرسیارێتێ پاراستنی هەڵگرێ چونکە ژینگەی تەندروست واتە ژیانی تەندروست . جگە لەمەش کشتوکاڵ کردنی نابەرپرسانە هۆکارێکە بۆ پیسبونی ڕەگەزە سەرەکیەکانی ژینگە بەهۆی نا هوشیاری لە بەکارهێنانی قڕکەر و پەینەکیماییەکانەوە بەشێک لەڕەگەزەکەنی ژینگەی کوردستان بەرەوە پیسبوون ئەڕۆن بەمەش خۆراک و نیشنگەمان بەرەو داڕوخان ئەچێت لە ڕووی تەندروستیەوە وە کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆی ئیکۆسیستەمی کوردستان دروست دەکات.