بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، کۆبوونەوەیەکی فراوان و وردی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەنجامدا

ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ـی ٤ـی ٢٠٢٦ مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، کۆبوونەوەیەکی فراوان و وردی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەنجامدا، کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی دووەم و تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی رابردوو بەهۆی جەنگەوە ڕووبەڕووی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن ببۆوە.

لەکۆبوونەوەکەدا بە وردی باس لە لایەنە لۆجیستی و کارگێڕییەکانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی دووەم کرا، بەڕێوەبەری گشتی جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییانەی لە ماوەی ڕابردوودا ڕووی لە ناوچەکە کرد بوو خوێندن بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیرا، پێویستە هەموو تواناکان بخرێنە گەڕ بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەکان لە کەشێکی ئارام و گونجاودا بەڕێوەبچن.

لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووان پێشنیازەکانی خۆیان خستەڕوو وە دەستخۆشییان لە ماندووبوونی مامۆستایان کرد کە لە دوای دەستپێکردنەوەی خوێندن، بە پەرۆشییەوە خەریکی پڕکردنەوەی کەلێنە زانستییەکانن و ئامادەکاری دەکەن بۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوە و دابینکردنی پێداویستییەکان.