بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە یادی ڕۆژنامەگەری کوردی ڕێز لە میدیاکاران دەگرێت.

بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ١٢٨ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی، ئەمڕۆ چوارشەممە ۲۲ـی ٤ـی ۲۰۲٦ مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕێزلێنانی پێشکەش بە ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس و میدیاکاران کرد کە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە خزمەتکردنی پرۆسەی خوێندن و گەیاندنی دەنگی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران و ڕووماڵکردنی چالاکییە پەروەردەییەکاندا.

لە میانەی دیدارەکەدا، بەڕێوەبەری گشتی دەستخۆشی لەو ڕۆژنامەنووسانە کرد کە بە وریایی و ئەمانەتەوە پەیامی پەروەردەیان گەیاندووە، مامۆستا نەژاد جەختی لەوەش کردەوە کە میدیا و پەروەردە دوو کایەی تەواکەری یەکترن بۆ گەشەپێدانی هۆشیاریی نەتەوەیی و هیوای خواست میدیاکاران هەمیشە لە خزمەتی زانست و ڕاستگۆییدا بن، وەهەروەها بەڕێوەبەری گشتی پیرۆزبایی و ڕێز و سوپاسی ئاراستەی ڕۆژنامەنووسان کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.

لە بەرامبەردا میدیاکاران و ڕۆژنامەنووسانی ئامادەبوو سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەم دەستپێشخەرییەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی دەربڕی و ڕایانگەیاند ئەرکی ئێمەیە وەک چاوی کۆمەڵگە بەدواداچوون بۆ کێشە و سەرکەوتنەکانی کەرتی پەروەردە بکەین، ئەم ڕێزلێنانەش هاندەرێکی گەورەیە بۆ ئەوەی بە بایەخەوە تیشک بخەینە سەر پرۆسەی پەروەردە و خزمەتکردنی نەوەکانمان.