لە مەراسیمێکی تایبەتدا کە یادی یۆبیلی زێڕینی ٥٠ ساڵەی دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان کرایەوە. لەم یادە پڕ شکۆیەدا ئەمڕۆ یەک شەممە ۲٦ـی ٤ـی ۲۰۲٦ مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، نەک تەنها وەک بەرپرسێکی حکومی بەڵکو وەک وەفادارییەک لە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵەکە بە یاوەری مامۆستا ڕۆزا رووف بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵات بەشداری کرد و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و حزبی تێدا ئامادەبوون، ماموستا نەژاد ڕایگەیاند بە بۆنەی دامەزراندنی ڕێکخراوە دێرین و تێکۆشەرەکەتان، گەرمترین پیرۆزبایی لە یۆبیلی زێڕینی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە سەرجەم خوێندکاران و ئەندامان و کادیرانی ئەم کاروانە پڕ لە سەروەرییە دەکەم.
بەڕێوەبەری گشتی وەک ئەندامێکی چالاکی دێرینی ناو کۆمەڵەی خوێندکاران، یادی ئەو ڕۆژانەی کردەوە کە تێیدا خەبات و زانست ئاوێتەی یەک ببوون، ئەم ئامادەبوونەی بەڕێزیان پەیامێکی ڕوون بوو بۆ نەوەی نوێ کە ڕێکخراوەیی و چالاکی مەدەنی، هەوێنی دروستکردنی کەسایەتی سەرکەوتوون لە داهاتوودا.
مامۆستا نەژاد و هاوڕێ دێرینەکانی لەگەڵ خوێندکارانی ئێستا تابلۆیەکی جوانی لە بەردەوامی و وەفاداری نیشاندا، لە وتەیەکدا بەڕێوەبەری گشتی ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمەڵەی خوێندکاران تەنها وێستگەیەکی مێژوویی نییە بەڵکو قوتابخانەیەک بووە بۆ پێگەیاندنی ئەو کەسایەتیانەی ئەمڕۆ لە کایە جیاوازەکاندا خزمەت بە کوردستان دەکەن، جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی کە پەروەردەی سلێمانی هەمیشە پشتیوانی ئەو هەوڵانە دەبێت کە ئاستی زانستی و نیشتمانپەروەری لای خوێندکاران بەرز دەکەنەوە، لەم یادەدا هەست بە شانازییەکی گەورە دەکەم کە ڕۆژانێک وەک ئەندامێکی ئەم کۆمەڵەیە خزمەتم کردووە.






