بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی پێشوازی لە بەڕێز دکتۆر یادگار لێپرسراوی چاودێری تەندروستی سلێمانی و شاندێکی یاوەری کرد

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ ی ٤ ی ٢٠٢٦ بەڕێز مامۆستا نەژاد عبداللە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی بەشەکانی یاسا، ژمێریاری، خزمەتگوزاری و لێپرسراوی هۆبەی گرێبەستە گشتییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان، پێشوازییان کرد لە بەڕێز دکتۆر یادگار لێپرسراوی چاودێری تەندروستی سلێمانی و شاندێکی یاوەری.

لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا، گفتوگۆ کرا سەبارەت بە هەماهەنگیی نێوان هەردوو لایەن و داڕشتنی بەرنامەیەکی گونجاو بۆ ساڵی نوێی خوێندن. تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ ڕێکخستنەوەی کاروباری فرۆشگاکانی ناوەندەکانی خوێندن لە ڕووی جۆری خۆراک و چاودێرییەکی وردی تەندروستییەوە.

ئامانجی ئەم هەنگاوە دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست و سەلامەتە بۆ قوتابیان و خوێندکاران، لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی لیستێکی خۆراکی پەسەندکراو و چاودێریکردنی بەردەوامی فرۆشگاکان، تاوەکو بە باشترین شێوە خزمەت بە پرۆسەی پەروەردە و تەندروستی نەوەکانمان بکرێت.