هەنگاوێکی گرنگ بۆ باشترکردنی ژینگەی خوێندن لە قەزای دوکان نرا، لە بەسەرکردنەوەیەکی مەیدانیدا،ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ـی ٤ـی ٢٠٢٦ مامۆستا نەژاد عبداللە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە هاوڕێیەتی لەگەڵ مامۆستا مهاباد مستەفا بەڕێوەبەری پەروەردەی دوکان و بەرێز ئەندازیار محەمەد عبدالله نوێنەری تایبەتی ئانزۆ فاوندەیشن، پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی سێ ناوەندی گرنگی خوێندن لە ناوچەکە ڕاگەیەندرا.
بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی بینا و پێداویستییەکان، سەردانی قوتابخانەكانی چەرمەگا و هەنی و شەهید غەریب هەڵەدنی بنەڕەتیان كرد و بڕیاری کۆتایی لێ کەوتەوە بۆ دەستپێکردنی کارەکانی نۆژەنکردنەوە لەلایەن ئانزۆ فاوندەیشن، ئەم دەستپێشخەرییەی بە هەماهەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پەروەردەی دوکان جێبەجێ دەکرێت ئامانج لێی دابینکردنی کەشێکی تەندروست و سەردەمیانەیە بۆ قوتابیان، ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە پێویستییەکی زۆری بە نۆژەنکردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن هەیە و چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی کارەکان سیمایەکی نوێ و وزەیەکی زیاتر بە پڕۆسەی خوێندن لەو سێ قۆتابخانەیە ببەخشێت.
بەڕێوەبەری گشتی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی ئانزۆ فاوندەیشن کرد، لە بەرامبەر کار و پڕۆژە نایابەکانیان لە نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی قوتابخانەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی.





