نوێنەرانی یەکێتی ژنانی کوردستان سەردانی بەڕێوەبەری گشتی دەکەن.

ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٩ـی ٤ـی ٢٠٢٦ مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی پێشوازی لە بەڕێزان خاتوو هەژان حەسەن بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و خاتوو شارا محەمەد لێپرسراوی پڕۆژەکان لە یەکێتی ژنانی کوردستان کرد.

لە دیدارێکی دۆستانەدا گفتوگۆ کرا سەبارەت بە پەرەپێدانی هەماهەنگی و کارکردنی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا، دیدارەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی ئەو پڕۆژانەی کە یەکێتی ژنان لە ناوەندەکانی خوێندن ئەنجامیان دەدات.

مامۆستا نەژاد ئامادەیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نیشاندا بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک کە خزمەت بە پڕۆسەی پەروەردە و پێگەیاندنی قوتابیان و خوێندکاران دەكات، بەتایبەت ئەو پڕۆژانەی کە ئامانجیان هۆشیارکردنەوە و گەشەپێدانی تواناکانی ژنان و کچانە لە ناوەندە پەروەردەییەکاندا.

لە بەرامبەردا نوێنەرانی یەکێتی ژنانی کوردستان سوپاسی پشتگیری بەردەوامی بەڕێوەبەرایەتی گشتییان کرد بۆ سەرخستنی چالاکییەکانیان لە پێناو خزمەتکردنی کۆمەڵگە.