بەسەرکردنەوەی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی بینای چالاکی قوتابخانەکان لە سلێمانی

ئەمڕۆ شەممە ٩ـی ٥ـی ٢٠٢٦ مامۆستا نەژاد عبداللە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەگەڵ مامۆستا حەوێز محمد بەڕێوەبەری سەرپەرشتیكردنی پەروەردەیی و خاتوو ڕۆزا شێخ ڕەئووف بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵات و شاندی یاوەریان، سەردانی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی بینای چالاکی قوتابخانەکانی سلێمانییان کرد كە لەلایەن مامۆستا بەكر عمر بەڕێوەبەری چالاكی قوتابخانەكان سەرپەرشتی دەكرێت.

ئەم بینایە کە مێژووی دروستکردنی بۆ ساڵی ١٩٣١ دەگەڕێتەوە، بۆ چەندین دەیەی لەسەریەک ناوەندی سەرەکیی نمایش و چالاکییە هونەرییەکانی شار بووە. دوای ئەوەی لە مانگی ئایاری ٢٠٢٣دا کەمپینێک بە ئامادەبوونی هونەرمەندان بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕاگەیەندرا، لە ئێستادا کارەکانی نۆژەنکردنەوەی بە باشی بەڕێوەدەچێت، لەلایەن بەڕێز دكتۆر طه ڕەسوڵ هۆڵەكەی و تەواوی بیناكە لە سەر ئەركی خۆی نۆژەن دەكاتەوە وە سەرمایەدار بەڕێز مەریوان حاجی جەمال ئەرکی نۆژەنکردنەوەی هۆڵی گەلەری شێوەکاری بیناکەی لە ئەستۆ گرتووە.

لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەبەری گشتی دەستخۆشی لەو سەرمایەدارە نیشتمانپەروەرانە کرد کە ئەرکی نۆژەنکردنەوەی ئەم شوێنە مێژووییەیان گرتووەتە ئەستۆ، ئەم پڕۆژەیە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستنی شکۆ و مێژووی پەروەردەیی و هونەریی سلێمانی هەژمار دەکرێت، تاوەکو جارێکی تر ببێتەوە بە ناوەندێکی زیندوو بۆ خزمەتکردنی توانا و بەهرەکانی قوتابییان و هونەرمەندانی شارەکە، لە ئایندەیەكی نزیكدا پێشكەش بە یەكەی چالاكی قوتابخانەكانی پەروەردەی ڕۆژهەڵات دەكرێت.