بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی خەڵاتی پێشبڕکێی ساڵانەی هزری و بیرکاری لە سلێمانی دابەش کرا

لە چوارچێوەی گرنگیدان بە توانا هزری و بیرکاری فێرخوازان، ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ی ٥ی ٢٠٢٦ لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی زانکۆی جیهان لە شاری سلێمانی لە مەراسیمێکی شایستە بۆ دابەشکردنی خەڵات و بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی پێشبڕکێی ساڵانەی هزری و بیرکاری بەڕێوەچوو.

سەرەتا لە لایەن د. نەوزاد یەحیا سەعید سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆ و قوتابخانە و پەیمانگاکانی جیهان و پڕۆفیسۆر دکتۆر ئومێد ڕەفیق سەرۆکی زانکۆی جیهان- سلێمانی پێشوازی لە مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی كرا، لە مەراسیمەکە ژمارەیەک لە لێپرسراوانی پەروەردەیی و مامۆستایان و کەسوکاری قوتابیان ئامادەبوون.

ئەم پێشبڕکێیە کە ساڵانە لەژێر چاودێری وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بە سەرپەرشتی دەزگای جیهان بۆ پەروەردە ئەنجام دەدرێت، ئامانج لێی دەرخستنی بەهرە شاراوەکانی خوێندکاران و هاندانیانە بۆ پەرەپێدانی کارامەییە ژیرییەکانیان، لە پێشبڕکێی ئەمساڵدا ٢٢٥ قوتابی لە ٢٧ قوتابخانەی حكومی و ناحكومی لە سنوری پارێزگای سلێمانی کێبڕکێیان کرد.

لە میانی مەراسیمەکەدا بەڕێوەبەری گشتی جەختی لە گرنگی هەماهەنگی نێوان کەرتی پەروەردە و ناوەندە زانستییەکان کردەوە بۆ دروستکردنی نەوەیەکی داهێنەر، بەڵکو دەرفەتێکی زێڕینن بۆ فێرخوازان تا لە ڕێگەی زانستی بیرکاری ئاسۆیەکی نوێ بۆ دواڕۆژی خۆیان بکەنەوە.

لە بەشێکی تری مەراسیمەکەدا و وەک وەفایەک بۆ ئەو خزمەتە بەردەوامانەی پێشکەشی کەرتی پەروەردە و فێربوونی کردووە لە لایەن د. نەوزاد یەحیا سەعید سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆ و قوتابخانە و پەیمانگاکانی جیهان، ڕێز و پێزانین بەخشرا بە مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ئەم ڕێزلێنانە لە پای هەوڵ و ماندووبوونە بەردەوامەکانی بەڕێز بەڕێوەبەری گشتییە لە پشتگیریکردنی پڕۆژە زانستییەکان و پەرەپێدانی ئاستی خوێندن لە پارێزگای سلێمانی.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا بڕوانامەی ڕێزلێنان و خەڵاتی شایستە بەسەر سەرکەوتووان و بەشداربوواندا دابەش کرا، وەک دەستخۆشییەک بۆ ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی لە ماوەی تاقیکردنەوەکاندا نیشانیان دابوو.