بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بەشداری لە یادی ٦٤ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستاندا دەکات

بەبۆنەی یادی ٦٤ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ١٦ـی ٥ـی ٢٠٢٦ مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە یاوەری مامۆستا جمال پێنجوێنی بەڕێوەبەری بەشی خزمەتگوزاری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان بەشداری لە مەراسیمی یادی دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە تێکۆشەرەدا کرد کە لە هۆڵی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لقی سلێمانی لە ژێر دروشمی مێژوویەک لە خەبات و تەمەنێک لە خزمەت بەڕێوەچوو، تێدا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی پەروەردە و مامۆستایان ئامادەبوون.

لە سەردانەکەیدا بەڕێوەبەری گشتی پیرۆزبایی گەرمی خۆی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی سکرتاریەت و یەکێتی مامۆستایان کوردستان لقی سلێمانی کرد، مامۆستا نەژاد جەختی لەسەر ڕۆڵی مێژوویی و ستراتیژی یەکێتی مامۆستایان کردەوە کە داکۆکی لە مافە پیشەییەکانی مامۆستایان دەکەن، هەروەها دەستخۆشی لە هەوڵە بەردەوامەکانیان دەکات بۆ پاراستنی شکۆی مامۆستا و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبارتر بۆ پەروەردەکاران، بەتایبەت لەم قۆناغەدا کە کەرتی پەروەردەی پیایدا تێپەڕ دەبێت.

لای خۆیانەوە بەرپرسانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لقی سلێمانی سوپاسی پشتیوانی و هەماهەنگی بەردەوامی بەڕێوەبەری گشتییان کرد لە چارەسەرکردنی گرفتەکان و کارکردن بۆ باشترکردنی گوزەرانی مامۆستایان، ئەم سەردانەیان بە نیشانەی بایەخدانی بەردەوامی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بە ڕێکخراوە پیشەییەکان و پێگەی مامۆستا لەقەڵەم دا.