ئەمڕۆ دووشەممە ۱٨ـی ٥ـی ۲۰۲٦ بە ئامادەبوونی بەڕێزان عەتا محەمەد بەڕێوەبەری نوسینگەی سلێمانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، مامۆستا بەناز رەمەزان بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و پەروەردەکاران و دانیشتووانی گوندەکە، لە مەراسیمێکی شایستەدا بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی بنەڕەتیی شەش پۆلی لە گوندی هەزارمێرد لە سنوری بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی ڕۆژئاوا دانرا، ئەم پڕۆژە پەروەردەییە کە لە لایەن بنەماڵەی نیشتمانپەروەر و خێرخوازی بەڕێز حاجی عوسمان ڕەباتی ـەوە ئەرکی بونیادنانیان گرتووەتە ئەستۆ.
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی وێڕای دەربڕینی ڕێز و پێزانینی قووڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بۆ بنەماڵەی بەڕێز حاجی عوسمان ڕەباتی، ڕایگەیاند کە کەرتی پەروەردە بەردی بناغەی هەر کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووە، کردنەوەی قوتابخانەیەک لە گوندێکدا بە واتای کردنەوەی دەرگای ڕووناکی دێت بەڕووی دەیان خێزاندا، ئەم هەنگاوە مرۆیی و نیشتمانییەش وەبەرهێنانێکی پیرۆزە لە پێناو داهاتووی منداڵانی ئەم نیشتمانەدا، هەروەها بەڵێنی دا کە پەروەردەی سلێمانی هەموو تواناکانی دەخاتە گەڕ بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان و پەرەپێدانی زیاتری ناوەندەکانی خوێندن لە ناوچەکەدا تاوەکو قوتابییان لە ژینگەیەکی شایستە و مۆدێرندا درێژە بە خوێندن بدەن.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا بەڕێوەبەری گشتی گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی دانیشتووان و منداڵانی گوندەکە کرد و دەستخۆشی لە سەرجەم ئەو خێرخواز و سەرمایەدارە دڵسۆزانە کرد کە هەمیشە دەستی هاوکارییان بۆ کەرتی پەروەردە درێژ کردووە.







