لە پێناو گەشەپێدانی کەرتی پەروەردە و دابینکردنی ژینگەیەکی لەباری خوێندن بۆ نەوەکانی داهاتوو، ئەمڕۆ دووشەممە ۱٨ـی ٥ــی ۲۰۲٦ لە مەڕاسیمێکی شایستەدا بە ئامادەبوونی بەڕێزان عەتا محەمەد بەڕێوەبەری نوسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، مامۆستا ڕۆزا شێخ ڕەئوف بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵات و خێرخوازی نیشتمانپەروەر بەڕێز کاک فەرەیدونی زێڕەنگەر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و پەروەردەکاران، بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی قوتابخانەیەکی نۆ پۆلی لە سنووری بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی ڕۆژهەڵات داندرا.
جێگەی ئاماژەیە لە ئێستادا قوتابیانی قوتابخانەی ماردین لە ناو کابینەدا سەرگەرمی پرۆسەی خوێندنن و دروستکردنی ئەم قوتابخانە نوێیە نۆ پۆلییە دەبێتە هۆکاری کۆتاییهێنان بەو دۆخە و ئاسودەکردنی دڵنیایی دایکوباوکان و پڕۆژەیەکی بەسوود و گرنگ دەبێت بۆ سەرجەم منداڵانی ئەو ناوچەیە.
لە مەڕاسیمەکەدا مامۆستا نەژاد عبداللە ڕایگەیاند ئاوەدانکردنەوەی قوتابخانە وەڵامێکی کردەیی و نیشتمانییە بۆ هەموو ئەو ئاڵنگاریانەی ڕووبەڕووی کەرتی پەروەردە دەبنەوە وەهەروەها تیشکی خستە سەر مێژووی پڕ لە سەروەریی شاری سلێمانی لە کاری خێرخوازیدا و وتی مێژووی ئەم شارە شاهیدی ئەوەیە کە هەر کاتێک کەرتی پەروەردە پێویستی بە پشتیوانی بووبێت، دەستی میهرەبانی و نیشتمانپەروەریی خێرخوازان پێش هەموو کەس گەیشتووەتە مەیدان، بەڕێز کاک فەرەیدونی زێڕەنگەر بەم هەڵوێستە مەردانە و پیرۆزەی ناوێکی تری درەوشاوەی خستە ناو لاپەڕەکانی شکۆی ئەم شارە، سوپاس و پێزانیین خۆمان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ئاراستەی بەڕیزیان دەکەین لە بنیادنانی ئەم قوتابخانەیە کە گەورەترین دیارییە کە مرۆڤێکی دڵسۆز پێشکەشی نەوەکانی خۆی بکات، پەیامێکی ڕوونیشە کە سلێمانی هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە و ئەم پڕۆژەیەش دەبێتە سێبەرێکی ئارام بۆ سەدان خوێندکار کە لە داهاتوودا دەبنە بزوێنەری ئاوەدانی و پێشکەوتنی کوردستان.
لە کۆتایدا بەڕێوەبەری گشتی پیرۆزبایی گەرمی ئاڕاستەی مامۆستایان و خوێندکاران و دایک وباوکانی سنوورەکە کرد و دووبارە دەستخۆشی و سوپاسی تایبەتی ئاڕاستەی کاک فەرەیدون و هەموو ئەو دەستانە کرد کە خێر و ئاوەدانی دەچێنن و داوای لە سەرجەم خاوەنکار و سەرمایەدارانی شارەکە کرد کە کەرتی پەروەردە بکەنە پێشینەی کارەکانیان بۆ خزمەتکردنی زیاتری زانست و نیشتمان.




















