ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ی ٥ی ٢٠٢٦ بەڕێز هەڤاڵ سەرکەوت زەکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندەکانی (سلێمانی و چەمچەماڵ) لەگەڵ شاندی یاوەری سەردانی مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی کرد، لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەر و لێپرسراوانی بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان پێشوازیان لێکرا.
لە سەردانەکەیدا بەڕێز کاک سەرکەوت زەکی پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ کەرتی پەروەردە و فێرکردن دووپاتکردەوە، جەختکرایەوە لەسەر گرنگی هێنانەکایەی گرنگیپێدانی زیاتر بە قوتابخانە و خوێندنگەکان لە دابینکردنی پێداویستییەکانیان و خزمەتکردنی مامۆستایان و خوێندکاران گفتوگۆ لەسەر دۆزینەوەی باشترین ڕێگەچارە بۆ کەمکردنەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی خوێندن لە سنوورەکەدا کرا، هەروەها هەردوولا کۆک بوون لەسەر پێویستی بەهێزکردنی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و پەروەردەیی.
دواتر بەڕێز کاک سەرکەوت بەهاوڕێیەتی مامۆستا نەژاد و شاندی یاوەریان سەردانی بەشی چالاکی هونەری قوتابخانە و خوێندنگەکانی سلێمانییان کرد، لەو بەسەرکردنەوەیەدا لەنزیکەوە کار و چالاکییە جۆراوجۆرەکانی بەشەکەیان بەسەرکردەوە.
کاک سەرکەوت زەکی ڕایگەیاند، پاڵپشتیکردنی بەهرەی خوێندکاران لە ڕێگەی چالاکی هونەرییەوە هاوشانی پرۆگرامی خوێندن نەوەیەکی داهێنەر و دڵسۆز بۆ پاشەڕۆژی کوردستان بنیات دەنێت و ئێمەش لە لایەن خۆمانەوە پشتیوانی تەواوی ئەم کارامەییانە دەکەین، لە کۆتایی سەردانەکەدا بەڕێز كاك سەركەوت دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی و سەرجەم ستاف و سەرپەرشتیارانی بەشی چالاکی هونەری کرد بۆ ئەو هەوڵە بەردەوامانەی دەیدەن لە پێناو زیندوو هێشتنەوەی کەرنەڤاڵ و چالاکییە هونەرییەکان لە ناوەندەکانی خوێندندا.
مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەم سەردانە و پاڵپشتییە بەردەوامانە دەربڕی و جەختی لەسەر بەردەوامبوونی هەوڵەکانیان کردەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و پەروەردەیی لە شارەکەدا.





















