بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی منداڵان، ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی ٦ی ٢٠٢٦ بە ئامادەبوونی مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و مامۆستا بەناز ڕەمەزان بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوا و بەرپرسان و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی، یەکەی چالاکی هونەری پەروەردەی ڕۆژئاوا بە هاوکاری چالاکی هونەری قوتابخانە و خوێندنگاکانی سلێمانی، کۆمەڵێک چالاکی جۆراوجۆری هونەرییان ڕێکخستبوو.
بەو بۆنەیەوە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی وێڕای پیرۆزبایی لە سەرجەم منداڵان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵانەوە، ڕایگەیاند ئەرکی سەرەکی ئێمە لە ناوەندە پەروەردەییەکاندا تەنها پێشکەشکردنی زانست نییە، بەڵکو گەشەپێدانی بەهرە جۆراوجۆرەکانی ئەوانە لە بوارەکانی هونەر، شانۆ و مۆسیقادا, ئەم جۆرە چالاکییانە زەمینەیەکی تەندروست دەڕەخسێنن بۆ ئەوەی منداڵان بە ئازادی گوزارشت لە خەون و خەیاڵەکانی خۆیان بکەن، هەروەها مامۆستا نەژاد سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی یەکەی چالاکی هونەری پەروەردەی ڕۆژئاوا و سەرجەم ئەو مامۆستا و ڕێکخەرە ماندوونەناسانە کرد کە هەمیشە لە پشت سەرکەوتنی ئەم جۆرە چالاکییە پەروەردەییە داهێنەرانەدا وەستاون.
لە پەراوێزی چالاکییەکاندا وەک دەربڕینی ڕێز و پێزانینێک بۆ پشتگیریکردنی بەردەوامی کەرتی هونەری، هونەرمەندی شێوەکار جەلال حەیدەری تابلۆیەکی شێوەکاریی بەنرخی پێشکەش بە هەریەک لە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوا كرد.
لە کۆتاییدا ئامادەبووان دەستخۆشییان لە سەرپەرشتیاران و ڕێکخەرانی ئەم یادە کرد و جەختیان لە گرنگی بەردەوامبوونی ئەم جۆرە چالاکییانە کردەوە بۆ دۆزینەوە و گەشەپێدانی بەهرەکانی منداڵان لە ناوەندەکانی خوێندندا.










