بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ خستنەڕووی پڕۆژەی پەسەندکراوی چاکسازی لە خوێندنی پیشەیی ئەنجامدرا

لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندنی پیشەیی و هاوتەریبکردنی لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ـی ٦ـی ٢٠٢٦ بە سەرپەرشتی مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، کۆبوونەوەیەکی فراوان بە ئامادەبوونی مامۆستا حەوێز محمد بەڕێوەبەری سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی و سەرپەرشتیارانی یەكەمی پەروەردەی ڕوژئاوا و ڕۆژهەڵات و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان لەگەڵ بەڕێوەبەر سەرپەرشتیارانی ئامادەییە پیشەییەکان كۆبۆوە.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەی پەسەندکراوی چاکسازی لە قۆناغی ئامادەیی پیشەیی کرا، ئەم پڕۆژەیە کە بەشێکە لە پلانی ستراتیژی وەزارەتی پەروەردە بۆ گەشەپێدانی ئەم کەرتە، بریتییە لە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە شێوازی خوێندن و تاقیکردنەوەکان و هەڵسەنگاندنی ڕۆژانەی خوێندکاران، بە ئامانجی ئامادەکردنی نەوەیەکی لێهاتووی خاوەن پیشە کە بتوانن ڕاستەوخۆ بەشداری لە بازاڕی کاردا بکەن.

مامۆستا نەژاد جەختی لەسەر گرنگیی ئەم چاکسازییانە کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە هەموومان کار بۆ ئەوە بکەین کە خوێندنگە پیشەییەکانمان بکەین بە ناوەندێکی بەرهەمهێن و داهێنەر، بەڕێوەبەری گشتی وردەکاریی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم چاکسازییە بە شێوەیەکی پلان دانراوو قۆناغ بە قۆناغ دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەشداربووانی کۆبوونەوەکەش پێشنیار و تێبینییەکانی خۆیان لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە نوێیە و ڕێگریکردن لە هەر ئاستەنگێک خستەڕوو، لەپێناو ئەنجامدانی گۆڕانکاریی پێویست کە خزمەت بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە پارێزگای سلێمانی بکات.