ڕاگەیاندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانییەوە ​بۆ سەرجەم بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان، سەرپەرشتیاران، بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و چاودێری هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکانی قۆناغی ۱۲ی ئامادەیی خولی یەکەم بەهەموو بەشەکانییەوە

بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری پرۆسەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی و بە مەبەستی فەراهەمکردنی کەشێکی لەبار بۆ خوێندکاران، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ئاگادارتان دەکاتەوە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە تیمەکانی ڕاگەیاندن کەناڵەکان، فۆتۆگرافەران، و ڕاگەیاندکاران نادرێت بچنە ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکانەوە بۆ ڕوماڵکردن، وەهەروەها بە هیچ شێوەیەک چاوپێکەوتن لەگەڵ خوێندکاران لە ناو هۆڵەکان یان دەوروبەری هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکان ئەنجام نادرێت، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی تێکدانی تەرکیزی خوێندکاران، وە داوا لە بەرپرسانی پەروەردە و مامۆستایان دەکەین کە لە کاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکاندا خۆیان لە هەر جۆرە لێدوان و ڕوماڵێکی میدیایی بە دور بگرن.

​داوا لە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین هاوکارمان بن لە سەرکەوتنی ئەم پرۆسە نیشتمانییە و ڕێز لە تایبەتمەندی و ئارامی هۆڵەکان بگرن، هەر کەمتەرخەمییەک لە جێبەجێکردنی ئەم ڕێنماییانەدا، لێپرسینەوەی یاسایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

ئەمەیش لە کاتێکدایە کە پرۆسەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی زانستی، وێژەیی و پیشەیی، سبەینێ یەکشەممە ١٤ی ٦ی ٢٠٢٦ لە کاتژمێر ۷꞉۳۰ خولەک لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات.

نەژاد عبداللە محمد

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی

١٣ی ٦ی ٢٠٢٦