ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ـی ٦ـی ٢٠٢٦ مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی پێشوازی کرد لە بەڕێوەبەر و ژمارەیەک لە ستافی کارگێڕی و مامۆستایانی قوتابخانەی شاین ـی بنەڕەتی ناحکومی لە قەزای چەمچەماڵ، بە هاوڕێیەتی کۆمەڵێک لە قوتابییە داهێنەر و سەرکەوتووەکانی قوتابخانەکە.
ئەم دیدارە بە مەبەستی ڕێزلێنان و بەرز نرخاندنی هەوڵی ئەو قوتابییە لێهاتووانە ڕێکخرا کە بەشدارییان لە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکانی (کانگارۆ ماث ــ ماتماتیک و تین ئیگڵ) بۆ زمانی ئینگلیزی کردبوو.
لەم پێشبڕکێ زانستییە نێودەوڵەتییانەدا قوتابیانی قوتابخانەی شاین توانیان ئەنجامێکی شایستە بەدەستبهێنن و ناوی ناوچەکەیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرز ڕاگرن.
بەڕێوەبەری گشتی دەستخۆشی خۆی ئاراستەی قوتابخانەکە و مامۆستایان و قوتابییەکان کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم ژینگەی پێگەیاندنە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا لەلایەن قوتابخانەی ناوبراو ڕێزلێنان ئامادەکرابوو بۆ قوتابیانی سەرکەوتوو بەڕێوەبەری گشتی ڕێزلێنانەکەی پێبەخشین، بەو هیوایەی ئەم سەرکەوتنە ببێتە هاندەرێکی گەورەتر بۆ بەردەوامیان لە کێبرکێ زانستییەکانی داهاتوودا.


