فێستیڤاڵە گەورەکەی سولی فێست

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ـی ٦ـی٢٠٢٦ مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە یاوەری مامۆستا حوێز محمد بەڕێوەبەری سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی و دڵنیایی جۆری پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرانی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و بەشی خزمەتگوزاری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان ، فێستیڤاڵە گەورەکەی سلێمانی بەسەر کردەوە، بەشێکی تایبەتی لە بەسەرکردنەوەکانی تەرخانکرد بۆ ئەو گۆشە تایبەتانەی کە لە لایەن قوتابیان و خوێندکارانەوە بۆ هەردوو بواری وەرزش و هونەر ئامادەکرابوون لە سولی فێست لە پارکی هەواری شار.

​لەم فێستیڤاڵەدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بە هاوبەشی لەگەڵ نوسینگەی جەنابی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی و بەهاوکاری بەشی چالاکی قوتابخانە و خوێندنگاکان و بەشی چالاکی وەرزش و دیدەوانی بەشدارن کە ژمارەیەک لە باخچەی منداڵان و قوتابخانە و خوێندنگەی ناحکومی بە پیشاندانی پرۆژەی منداڵانی باخچە و قوتابیان و خوێندکاران بە هاوکاری مامۆستایان لە بوارە جیاجیاکانی وەرزش و هونەری موزیک تێیدا تواناکانیان خستەڕوو.

مامۆستا نەژاد سوپاس و دەستخۆشی لە بەشداربوانی ستافی پەروەردە کرد و دەڵێت بەشداریکردنی کەرتی پەروەردە لەم فێستیڤاڵەدا ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ باخچەی منداڵان و قوتابخانە و دامەزراوە پەروەردەییەکان تا بتوانن بەرهەمی ساڵێکی خوێندنیان لە چالاکی و داهێناندا نمایش بکەن، جەختی کردەوە بۆ بونیادنانی مرۆڤی تەندروست و کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو، کاتێک دەبینین قوتابییان و خوێندکارانی ئێمە لە فێستیڤاڵێکی ئاوا بەرفراواندا بەم ئاستە بەرزە بەهرەکانیان لەم دوو بوارەدا دەردەخەن، ئەرکی ئێمە وەک پەروەردە بەردەوامبین لە پاڵپشتیکردنیان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبارتر بۆ گەشەپێدانی تواناکانیان.