پاش پێنج ڕۆژ لە بەردەوامی و کاری چڕوپڕ، وۆرک شۆپێک بۆ ڕاهێنانی سیستەمی EMIS سیستەمی بەڕێوەبردنی زانیاری پەروەردەیی لە هەولێر بەڕێوەچوو، هەینی و شەممە ١٧و١٨ ــ ۷ــ ۲۰۲٦ مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و بەڕێوەبەرانی گشتی پەروەردەکانی کوردستان و عێراق بەشداربوون و ڕاو سەرنج و تێبینیەکانی خۆیان سەبارەت بەو سیستەمە نوێیەی عێراق خستەڕوو.
وۆرکشۆپەکە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای کارمەندان و هاوئاهەنگی نێوان پەروەردەکان ئەنجامدرا، شارەزایانی بەشەکانی پلاندانانی پەروەردەیی لە سەرجەم پەروەردەکانی کوردستان و عێراق تێیدا بەشداربوون ڕۆژەکانی ١٥و١٦-٧-٢٠٢٦ لەسەر چۆنیەتی کارکردن لەسەر داتا و سیستەمەکە ڕاهێنران.
جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە کە ئێستا ئێمە لە کوردستان بەناوی E- parwardaکاری پێدەکەین هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرەوپێشچوونی کەرتی پەروەردە، چونکە بەم ڕێگەیە دەتوانین بە شێوەیەکی زانستی و دیجیتاڵی چاودێری پرۆسەی پەروەردە بکەین و زۆرترین خزمەت بە مامۆستایان و قوتابیان بگەیەنین، ئەمەش دەبێتە هۆی دەستگەیشتنی خێرا بە زانیارییەکان لە سەرجەم ناوەندە پەروەردەییەکان، بەشی پلاندانان دەتوانێت بە سوودوەرگرتن لەم داتایانە، نەخشەی ستراتیژی پەروەردەیی دابڕێژێت و پێویستییەکان بۆ ساڵانی داهاتوو بە شێوەیەکی زانستی دیاری بکات.
گرنگیی سیستەمی EMISسیستەمی بەڕێوەبردنی زانیاری پەروەردەیی
ئەم سیستەمە کە یەکێکە لە سیستمە پێشکەوتووەکانی جیهان بۆ بەڕێوەبردنی پەروەردە، لە هەرێمی کوردستان و بەگشتی لە عێراق گرنگییەکی زۆری هەیە. ئامانجی سەرەکی ئەم وۆرکشۆپە ئاسانکردنی ئەرکەکانە بۆ بەڕێوەبەر و کارمەندانی خوێندنگەکان، بەتایبەت لە بوارەکانی، دابینکردنی داتایەکی ورد بۆ خوێندکاران و مامۆستایان و تەواوی پێداویستییەکانی خوێندنگە.
