بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕێزلێنانی وەزیری پەروەردەی پێشکەش بە ژمارەیەک قوتابخانە و ئامادەیی کرد

ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٦ـی ٧ـی ٢٠٢٦ مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە ئامادەبوونی مامۆستا حەوێز محمد بەڕێوەبەری سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی و دڵنیایی جۆری پارێزگای سلێمانی ڕێزلێنانی بەڕێز وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستانی بەخشییە ئەو قوتابخانە و ئامادەییانەی کە بە شێوەیەکی چالاک بەشدارییان لە پرۆسەی زانستخوازیی بەردەوام – هەگبەی مامۆستا بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ کردبوو.

ئەم ڕێزلێنانە لە بەرامبەر پابەندبوون و ماندووبوونی ئەو قوتابخانانە بووە لە جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی پرۆسەکەدا، کە تێیدا جەخت لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و پەرەپێدانی توانا و چالاکییە پەروەردەییەکان کراوەتەوە، لە پێناو خزمەتکردنی پرۆسەی خوێندن.

بەڕێوەبەری گشتی ئێمە بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە سەیری ئەم هەوڵە ماندوونەناسانەی ئێوە دەکەین و پێتان دەڵێین دەستان خۆشبێت، هیوادارم ئەم ڕێزلێنانە ببێتە هاندەرێکی زیاتر بۆ ئەوەی لە داهاتوودا زیاتر خزمەتی نەوەکانمان و پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە بکەن، هەمیشە لە سەرکەوتن و پێشکەوتندا بن.