بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی یادی جینۆسایدی ئیزیدییەکان دەکاتەوە.

لە چوارچێوەی ئەرکی نیشتمانی و ئەخلاقی و مرۆیی و بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵوەگەری کارەساتی دڵتەزێنی پەلاماردانی خوشک و برایانی ئیزیدی لە شنگال لە لایەن تیرۆریستانی داعش، ئەمڕۆ دووشەمە ۳ـی ٨ـی ۲۰۲٦ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بە ئامادبوونی مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و سەرجەم بەڕێوەبەری بەشەکان و فەرمانبەران​ بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی شنگال و سەرجەم قوربانییانی ئەو جینۆسایدە، خولەکێک بە بێدەنگی راوەستان.

پاشان جەخت لەوە کرایەوە کە ٣ی ٨ی ۲۰۱٤ یەکێکە لە تاریکترین لاپەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتی کە تێیدا تیرۆرستانی داعش دڕندانە هێرشیان کردە سەر پێکهاتەیەکی ڕەسەنی نەتەوەیی و دینی گەلەکەمان بە ئامانجی سڕینەوە و لەناوبردنیان.

​بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لەم یادەدا پەیامی خۆی هەبوو ڕایگەیاند پەروەردەی ڕاستەقینە باشترین و بەهێزترین قەڵغانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕەوی، ڕەگەزپەرستی و قبوڵنەکردنی ئەوی تر، ئەرکی ئێمەیە نەوەکانمان لەسەر بنەمای لێبووردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ڕێزگرتنی یەکتر پەروەردە بکەین، هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی فیدراڵی هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و زامنکردنی ژیانێکی شایستە بۆ دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکە و دۆزینەوەی بێسەروشوێنکراوان چڕتر بکەنەوە، تاوەکو دادپەروەری باڵ بەسەر ئەم برینە قووڵەدا بکێشێت.