بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەگەڵ کۆمەڵگە پەروەردەییەکان کۆبۆوە

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی جەخت لەسەر خۆئامادەکردن و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دەکاتەوە. ​بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ئامادەکارییەکان و ڕەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی٨ی٢٠٢٦ مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەگەڵ سەرجەم بەرپرسانی کۆمەڵگە پەروەردەیيەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی کۆبۆوە.

لە​کۆبوونەوەکەدا کە مامۆستا حەوێز محەمەد بەڕێوەبەری سەرپەرشتیکردن و دڵنیایی جۆری پارێزگای سلێمانی ئامادەبوو، بەڕێوەبەری گشتی تیشکی خستە سەر چەند تەوەرێکی گرنگ تایبەت بە ڕێکخستنی ناوەندەکانی خوێندن و جێبەجێکردنی وردی ڕێنماییە کارگێڕی و پەروەردەییەکان لە پێناو سەرکەوتنی پرۆسەی خوێندن لە سنوورەکەدا.

​هەروەها بەڕێوەبەری گشتی ڕۆڵی کۆمەڵگە پەروەردەیيەکانی بەرز نرخاند و چەند راسپاردە و ڕێنمایی پێویستی ئاراستەی ئامادەبووان کرد، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە سەرجەم دامەزراوەکان پێشوەختە ئامادەکاریی تەواو بکەن بۆ پێشوازیکردن لە قوتابیان و خوێندکاران لە ساڵی نوێی خوێندندا.