ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤-٨-٢٠٢٦ مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی پێشوازی لە بەرێزان كارا عومەر ئەحمەد و شنیار سلام عزیز یاریدەدەرانی نوێنەری سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی بۆ كاروباری خوێندكاران كرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کرا سەبارەت بە دوو پرۆژەی داهاتوی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان كە بریتیە لە (post ١٢) كە ئیڤێنتێكی گەورەیە لە شاری سلێمانی بۆ خوێندكارانی دەرچووی پۆلی (١٢) ، كە تیایدا باس لە گرنگی هەڵبژاردنێكی دروستی بەشی خوێندنی زانكۆ و ژیانی زانكۆ دەكرێت و فۆڕمی زانكۆلاین پڕدەكرێتەوە بۆ خوێندكاران.
هەروەها ئاماژە درا بە پرۆژەی دووەم پلاتفۆرمێكی دیجیتاڵییە بۆ تۆماركردنی وانەكانی پۆلی (١٢) بۆ خوێندكاران هەتا بەردەوام بتوانن دەستیان بگات بە شێوازێكی مۆدێرنی وتنەوەی وانەكان لە لایەن باشترین مامۆستایانی سلێمانی و بە شێوەیەكە، كە بتوانن پرسیار بكەن و مامۆستاكان وەڵامیان بدەنەوە.
دواتر مامۆستا نەژاد ئامادەیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نیشاندا بۆ سازكردنی ئیڤێنت و پرۆژەكانی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان بۆ دەرچوانی خوێندكارانی پۆلی دوانزە لە سنوری بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، کە خزمەت بە پڕۆسەی پەروەردە و پێگەیاندنی خوێندکاران و قوتابیان دەكات.
لە بەرامبەردا یاریدەدەرانی نوێنەری سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی بۆ كاروباری خوێندكاران سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی گشتییان کرد بۆ گرنگی دانیان و خەمخۆریان بۆ كەرتی پەروەردە و بەرەوپێشچوونی لە پێناو خزمەتکردنی خوێندکاران و قوتابیان لە سنورەكە.
