ئەمڕۆ 6/11/2018، بە ئامادەبوونی د. پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەو د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشت پەروەردەی سلێمانی و ژمارەیەك لێپرسراوو پەروەردەكاران، قوتابخانەی (زەكیەی سام ئاغا)ی بنەڕەتی كرایەوە لە شاری سلێمانی.
سەرەتای مەڕاسیمەكە بەدەقیقەیەك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد لەگەڵا سرودی نەتەوەیی ئەی رەقیب. پاشان چەند چالاكییەكی هونەری لەلایەن قوتابیانی قوتابخانەكەوە پێشكەشكرا، بەسەرپەرشەتی بەشی میوزیكی یەكەی چالاكی هونەری پەروەردەی رۆژهەڵات.
پاشان بەڕێزان بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەو پارێزگاری سلێمانی و وەزیری پەروەردە وتەیان پێشكەشكرد، تیایدا سوپاسی بەڕێز جەلالی عومەری سام ئاغاو بنەماڵەكەیان كرد كە بەكارە خێرخوازییەكانیان هەمیشە خزمەتی شاری سلێمانییان كردووە بەتایبەت لەكەرتی پەروەردەدا، وە هیوایان خواست نموونەیان زۆربێت و پڕۆسەی خوێندن بەرەوپێش بچێت و كۆتایی بە كێشەو ئاستەنگەكان بێت.
دواتر بەڕێز جەلال سام ئاغا پڕۆتۆكۆلی قوتابخانەی (زەكیەی سام ئاغا)ی پێشكەش بە بەڕێز وەزیری پەروەردە كرد، هەروەها كلیلی قوتابخانەكەش لەلایەن ئەندازیار دلێری عومەری سام ئاغاوە پێشكەش بە بەڕێوەبەری قوتابخانە مامۆستا بەرهەم كرا.
لە كۆتایی مەڕاسیمەكەشدا خەڵاتی رێزلێنان لەلایەن بەڕێز وەزیری پەروەردەوە بەخشرایە بەڕێز جەلالی سام ئاغا.
قوتابخانەی 12 پۆلی (زەكیەی سام ئاغا) لەسەر ئەركی خێرخواز جەلالی عومەری سام ئاغاو بنەماڵەكەی دروستكراوەو پێشكەشكراوە بە كەرتی پەروەردە، بودجەی پڕۆژەكە 550 هەزار دۆلارەو لە ماوەی 300 رۆژدا كارەكانی تەواوبووە.