راپۆرت و وێنەگرتن: رێبوار حەمەوەیس
رۆژی 3/1/2019 مامۆستا ( دڵشاد عومەر) بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بەبۆنەی ساڵی نوێی دارایی و بەدواداچوون بۆ كێشەو كەموكوڕییەكان ، بەیاوەری ( مەهاباد مستەفا) بەڕێوەبەری پەروەردەی دوكان، سەردانی سنوری پەروەردەی قەزای دوكانی كردو لەیەكەم وێستگەی سەردانەكەیدا لە ناحیەی پیرەمەگرون و لە هۆڵی قوتابخانەی شەهید كوردی لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەو خوێندنگاو باخچەكانى سنورەكە كۆبۆوەو دوای گوێگرتن لە كێشەو داواكارییەكانیان، لەوتەیەكدا ئاماژەی بەهەوڵ و كۆششەكانی كرد بۆ تێپەڕاندنی ئەو رەوشەی دووچاری پرۆسەی پەروەردە هاتبوو بەهۆی بایكۆت و قەیرانی دارایییەوە هەروەها بەڵێنی دا بەپێی توانا كار بكات بۆ چارەسەركردنی كێشەو كەموكوڕی قوتابخانەو خوێندنگەكانی سنورەكە.
دواتریش بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی سەردانی دیوانی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی دوكانی كردو بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری پەروەردەی دوكان، لەگەڵ بەرپرسی بەشەكان و فەرمانبەران و بەڕێوەبەری قوتابخانەو خوێندنگاو باخچەكانی قەزای دوكان كۆبۆوەو گفتوگۆیان كرد لەبارەی كێشەو كەموكوڕییە ئیدارییەكان و پێداویستییەكانی ناو دیوان و ناوەندەكانی خوێندن، لای خۆشیەوە مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی بەڵێنی دا بە پێی تواناو بە پێی رێكارو رێنماییەكان كار بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان بكات.
لەوێستگەیەكی تری سەردانەكەیدا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی سەردانی یەكەی سەرپەرشتیكردن و دڵنیایی جۆری دوكانى كردو لەگەڵ بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیكردن و سەرپەرشتیاران كۆبۆوەو باس لە كێشەكانی سەرپەرشتیاران لە سنوری پەروەردەی دوكان كرا.
لەدوا وێستگەی سەردانەكەشیدا بۆ سنوری قەزای دوكان، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بەیاوەری بەڕێوەبەری پەروەردەی دوكان سەردانی ناحیەی خەلەكانی كردو لەقوتابخانەی بوبانی تێكەڵاو لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەكانی ناحیەی خەلەكان كۆبۆوەو گفتوگۆیان كرد لەبارەی كێشەو پێداویستی ناوەندەكانی خوێندن لەسنورەكەدا بەتایبەت دابینكردنی سوتەمەنی و پەرتوكی وانەكان، لای خۆشییەوە مامۆستا دڵشاد بڕیاریدا بەپێی توانا كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان بكات و پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكات.