بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە لەگەڵ كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت كۆبووەوە

دوابەدوای كۆبوونەوەی فراوانی نێوان كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت لە زانكۆی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لە 20/1/2019، رۆژی دووشەممە 22/4/2019، كۆبوونەوەی دووەمی نێوان هەردوولا بەڕێوەچوو، لەلایەن كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت راگری كۆلێژو ئەندامانی ئەنجومەنی كۆلێژ ئامادەبوون، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیشەوە بەڕێوەبەری بەشەكانی پلاندانانی پەروەردەیی و خۆیەتی و میلاك و پڕۆگرامەكان و خوێندنی پیشەیی و بەدواداچوون ئامادەبوون.
كۆبوونەوەكە بەمەبەستی خۆئامادەكردن بوو بۆ ئەنجامدانی وۆرك شۆپ لە نێوان بەشە زانستییەكانی كۆلێژەكەو بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بۆ هەماهەنگی لە بەرزكردنەوەی تواناكانی خوێندكارانی كۆلێژو پڕۆگرام و رێگاكانی وانەوتنەوە لە پسپۆڕییە جیاوازەكان، دواتریش كاركردن بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسی هاوبەش لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی و زانكۆی سلێمانی.