ئەمرۆ 25/4/2019 لە ڕێورەسمێكدا لە بنكەی ژین خەڵاتی بنەماڵەی حامید فەرەج بەسەر ژمارەیەك كەسایەتی و دوو دەزگای راگەیاندندا دابەشكرا.
لەرێورەسمێكدا بەئامادەبوونی مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەرێتی راگەیاندنی سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، خەڵاتی بنەماڵەی حامید فەرەج یەكێك لە دانەرانی كتێبی (ئەلف بێ)ی كوردی بەڕێوەچوو.
لەسەرەتای رێورەسمەكەشدا مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی وتەیەكی پێشكەشكردو تیشكی خستە سەرمێژووی ئەلف بێی كوردی و ستایشی هەوڵی ئەو نوسەرانەی كرد كەلەرابردوودا خزمەتیان بە وشەی كوردی كردوە، دواتریش سدیق ساڵح بەنوێنەرایەتی بنكەی ژین وتەیەكی پێشكەشكرد، تیشكی خستە سەر مێژووی نوسینەوەی ئەلف بێی كوردی، هەروەها ئاوات ئەبوبەكر سەرپەرشتیاری زمانی كوردی وتەیەكی پێشكەشكرد،
دوای نمایشكردنی فیلمێكی دیكۆمێنتاری لەسەر ژیانی حامید فەرەج، خەڵات بەسەر شەش كەسایەتی دیاری سلێمانی و دوو دەزگای راگەیاندندا دابەشكرا. كەبریتی بوون لە ( كەسوكاری ئیبراهیم ئەمین باڵدار، عەبدوڵا محەمەد ئەمین، ع.ع شەونم، نەجم هۆگر، ئاوات ئەبوبەكر، عەلی حەمە رەشید، كەناڵی كوردسات و تەلەفزیۆنی پەروەردەیی).