بەڕێوەبەری گشتی لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ كۆبووەوە

ئەمڕۆ 10/11/2019، مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ كۆبووەوە، كە لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی گردبوونەوەیەكیان ئەنجامدا بە مەبەستی گەیاندنی داواكارییەكانیان.
لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ یاداشتێكیان رادەستی بەڕێوەبەری گشتی كرد، كە تیایدا داواكارن مامۆستایانی وانەبێژ وەك مامۆستای هەمیشەیی دابمەزرێن و ماوەی وانەبێژییان بە خزمەت بۆ هەژماربكرێت.
بەڕێوەبەری گشتیش لەلای خۆیەوە هەر لەكاتی كۆبوونەوەكەدا یاداشتەكەی گەیاندە بەڕێز وەزیری پەروەردەو بەڵێنی پێدان كە بەدواداچوونی پێویستی بۆ بكات.
پاشان مامۆستا دڵشاد لێدوانیدا بۆ چەند كەناڵێكی راگەیاندن و تیشكی خستە سەر رەوشی پەروەردەو خوێندن و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
دوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بە دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست، مامۆستایانی وانەبێژیش داوای دامەزراندن دەكەن.