ئەمڕۆ 25/1/2020، مامۆستا عومەر محەمەد ئەمین بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بەوەكالەت بەشداریكرد لە كۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان بە ناونیشانی (ئافاتی سەردەم) كەلەلایەن رێكخراوی (رێباز فاوندەیشن)ەوە رێكخرابوو، بەئامادەبوونی بەڕێزان د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و ئازاد حەمە ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو نوێنەرانی فەرمانگە حكومییەكان و رێكخراوەكان.
پارێزگاری سلێمانی لە وتەیەكدا رایگەیاند: مادە هۆشبەرەكان مەترسییەكی گەورەن بۆ سەر كۆمەڵگاو پێویستە رووبەڕوی ببینەوە.
لای خۆیەوە مامۆستا عومەر محەمەد ئەمین باسی لە رۆڵی گرنگی پەروەردە كرد، كە بۆ ئەم بابەتە چەندین كۆڕو سیمینار ئەنجامدراوە لەلایەن توێژەرانی كۆمەڵایەتییەوەو دەرەنجام و مەترسییەكانی بۆ قوتابیان و خوێندكاران خراوەتە روو، هەروەها رایگەیاند كە لایەنە پەیوەندیارەكان بەو بابەتەوە دەتوانن لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانییەوە كۆڕو سیمینار سازبكەن و رونكردنەوەی پێویست لەوبارەیەوە بدەن بە خوێندكاران.
لە كۆنفرانسەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی پرسی مادە هۆشبەرەكانو رێگاكانی چارەسەركردنی بەتایبەت كە خەریكە بڵاوبوونەوەی دەبێتە دیاردە، بۆ ئەم مەبەستە داوا لە دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرا رێوشوێنی توند بگرنە بەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەكان و چارەسەركردنی ئالودەبوان بەو مادانەوە لە نەخۆشخانەی تایبەتدا، هەروەها بازرگانانی مادەی هۆشبەر بەتوندترین شێوە سزابدرێن.